لە پەراوێزی سێهەمین کۆنفرانسی ئۆقیانوسی نەتەوە یەکگرتووەکان، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق لەسەر بانگهێشتی بریجیت ماکرۆن خانمی یەکەمی فەرەنسا، سەردانی شارەوانی سانت پۆڵ دی ڤێنسی باشووری رۆژهەڵاتی فەرەنسای کرد.
لەگەڵ گەیشتنی خانمی یەکەم، بۆ گۆڕەپانی دیگۆل، خاتوو بریجیت ماکرۆن بەخێرهاتنی کرد و جەختی لەگرنگی بەشداریکردنی لەبەرنامە رۆشنبیریەکەدا کردەوە، بەو پێیەی بەرجەستەی شارستانیەتی میزۆپۆتامیایە کە درێژدەبێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر، پاشان خانمی یەکەمی عیراق، بە یاوەری خاتوو بریجیت و خانمە یەکەمەکانی سەرکردە و سەرۆکی دەوڵەتانی بەشداربوو لەکۆنفرانسی ئۆقیانوسەکان گەشتێکی بەسانت پاول دی ڤینسدا کرد.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ستایشی مێژوو و کلتووری شارەکەی کرد کە بووەتە شوێنی بەیەکگەیشتنی زۆرێک لەکلتوور و شارستانیەتەکان، هەروەها خانمی یەکەم و هاوتاکانی سەردانی دامەزراوەی ماختیان کرد کە مۆزەخانەی هونەری مۆدێرن و 12 هەزار بەرهەمی هونەری تێدایە کە بریتین لە تابلۆ و پەیکەر و سیرامیک و کۆمەڵێک بەرهەمی هونەری هونەرمەندانی سەدەی بیستەم.
هەروەها خانمی یەکەم، رۆڵی بەرچاوی هاوتا فەرەنسییەکەی لەبواری مرۆیی و ڕۆشنبیری و گرنگیدان بە کلتوور و مێژووی بەرز نرخاند.
بەرنامە رۆشنبیریەکە بریتی بوو لەکۆبوونەوەی خانمانی یەکەم کە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا ئامادەبوون و خانمی یەکەم خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دیدار لەگەڵیان بەتایبەت شازادە شارلینی مۆناکۆ.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم دیدارە ئامرازێکی پەیوەندیکردن و پردێکە بۆ گفتوگۆ و دەرفەتێکە بۆ فێربوونی زیاتر دەربارەی کلتوورەکانی دیکە، هەروەها باسێکی لە یادەوەرییەکانی منداڵی خۆی لە گوێگرتن لە رادیۆی مۆنتی کارلۆ کرد کە تاکە رادیۆی فەرەنسیە بە زمانی عەرەبی پەخشی دەکرا و ئامرازێکی گرنگ بوو بۆ گەیاندنی بیرۆکە و کلتوورەکان.
خانمی یەکەم باسیشی لە عیراق کرد کە یەکێکە لە ناوچە دیارەکانی جیهان، کە خاکەکەی دەوڵەمەندە بە گرنگترین شوێنەواری شارستانیەت و شوێنەوارە بەرچاوەکانی و کلتووریی و شوێنی گەشتیاریی وەک شارستانیەتی سۆمەری، ئەکەدی، ئاشووری و بابلی، کە بەیەکەمین شارستانیەتی جیهان دادەنرێت و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ حەوت هەزار ساڵ پێش ئێستا.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، عیراقییەکان رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بوونەتەوە کەبەشداربوون لەداڕشتنی ناسنامەی نیشتمانی و بنیاتنانی دەوڵەتی هاوچەرخی عیراق، هاوکات تیشکی خستە سەر گرنگی بەشداری عیراق لەکۆنفرانسی ئۆقیانوسی نەتەوە یەکگرتووەکان، چونکە عیراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کەزۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگەوە، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و وشکەساڵی و دابەزینی رێژەی ئاو لە رووبارەکانی دیجلە و فورات ، ئەمەش کاریگەری لەسەر سروشتی ژیان دروستکردووە ، هەروەها عیراق لە ئێستادا سەرۆکایەتی گروپی 77 و چین دەکات، ئەمەش گوزارشت لەپێگەی نێودەوڵەتی عیراق و پابەندبوونی بەهاوبەشێکی راستەقینە لەداڕشتنی سیاسەتی ژینگە و بنیاتنانی هاوبەشی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات.