شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، ئەمڕۆ لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، پێشوازیکرد لە ژمارەیەک منداڵی نوێنەرایەتی پارێزگاکانی عیراق لە پەرلەمانی منداڵانی عەرەب، کە بڕیارە لە 14 تا 23ی شوبات لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەڕێوەبچێت .

خانمی یەکەمی عیراق خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە دیداری ئەو منداڵە ژیرانەی کە ئەوان نوێنەرایەتی عیراق دەکەن لە پەرلەمانی منداڵانی عەرەب.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە دیدارەکەدا ئاماژەیکرد، بە گرنگی بەشداریکردنی منداڵانی پارێزگاکانی عیراق لە پەرلەمانی منداڵانی عەرەب، بۆ پاڵاوتنی کەسایەتییەکانیان و پەرەپێدانی تواناکانیان و پاراستن و تێگەیشتن لە ماف و ئەرکەکانیان، روونیکردەوە کە ئەم ئەزموونە پێویستە بۆ خۆ ئامادەکردنی دروست بۆ ئەوەی منداڵ ژیانێکی بەرهەمدار لە کۆمەڵدا بژی و گیانی ئاشتی و شکۆمەندی و لێبوردەیی و ئازادی و یەکسانی و برایەتی لە ناویدا پەرە پێبدات.

خانمی یەکەمی عیراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر بمانەوێت ئایندە بنیات بنێین، پێویستە گرنگی بە منداڵان بدەین و کەلتووری هاوڵاتیبوون و بەها دیموکراسیەکان لە نەوەکان بچێنین بۆ ئەوەی بتوانن چالاک بن لە داڕشتنی ئایندەی عیراقدا.

لە بەرانبەردا ئەندامانی دەستەی چاودێری منداڵان سوپاسی خانمی یەکەمی عیراقیان کرد بۆ گرنگیدان بەو بابەتە و پشتگیری و هاندانی بەردەوامی گەنجان و پەرۆشی بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان.