شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق لە كۆشكی سەلام لە بەغداد پێشوازی لە ژمارەیەك لە ئەندامانی تیمەكانی تایبەت بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان كرد لە سەماوە بە سەرۆكایەتی دكتۆر هانی عەقابی جێگری وەزیری تەندروستی عیراق.

لەكۆبوونەوەیەكی فراواندا خانمی یەكەمی عیراق سوپاسی تیمەكانی كرد بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و هاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكان لەوەزارەتی تەندروستی و بەشی پزیشكی دادی و بەشی گۆڕەبەكۆمەڵەكان لە دامەزراوەی شەهیدان و كۆمیتەی نێودەوڵەتی بێسەروشوێنەكان.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سوپاس و پێزانینی خۆی بەناوی كەسوكاری قوربانیانی ئەنفالەوە دەربڕی بۆ ئەو ماندووبوونەی كە كرێكاران لەهەڵكەندن و كردنەوەی گۆڕستانەكان و ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكاندا كردوویانە و جەختی لەوە كردەوە كە بە هەوڵەكانیان چوونەتە ناو مێژووەوە. 

لە بەرانبەردا جێگری وەزیری تەندروستی عیراق سوپاسی خانمی یەكەمی كرد و ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم هەوڵانە تەنها دووپاتكردنەوەی یەكڕیزی و تەبایی گەلی عیراقە بە هەموو مەزهەب و نەتەوەكانەوە و هەروەها سوپاسگوزاری خۆی بۆ بایەخدانی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەم دۆسیەیە دەربڕی.