سەرۆك وەزیرانی عیراق داوا لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و فراكسیۆنەكان دەكات هەمواری یاسای بودجە بە زوویی و بەبێ گۆڕانكاری پەسەند بكەن.

نوسینگەی رایگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردوە، شەوی رابردوو محەمەد شیاع سودانی لە كۆشكی حكومەت میوانداری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگیرەكانی و سەرۆكی فراكسیۆنەكان كردووە، لە كۆبونەوەكەدا سودانی جەختیكردۆتەوە لەسەر گرنگیی پەسەندكردنی هەمواری یاسای بودجە بەبێ گۆڕانكاری وەك ئەوەی كە ئەنجومەنی وەزیران رەوانەی كردووە، بە تایبەت ئەو بڕگەی كە تایبەتە نەوتی هەرێم و بڕی 16 دۆلار بۆ تێچووی بەرهەمهێنان بەرمیلێك نەوت لە هەرێم دانراوە.

سودانی لە كۆبوونەوەكەدا داوای پشتیوانی لە ئەنجومەنی نوێنەران كردووە بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت و هەنگاوەكانی بۆ تەواوكردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ئابوورییەكان كە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی خەڵكەوە هەیە.