خانمی یەکەمی عیراق: پێویستیمان بە ستراتیژێكە بۆ سنوورداركردنی بڵاوبوونەوەی ماددەی سڕكەر
٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
خانمی یەکەمی عیراق پێشوازی لە سەرۆکی کۆمەڵەی جادی لوبنان کرد و جەختی لەسەر گرنگی داڕشتنی ستراتیژێکی گشتگیر بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی بڵاوبوونەوەی ماددەی سڕکەر کردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 29-1-2025 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، پێشوازیکرد لە جۆزێف حەوات سەرۆکی کۆمەڵەی جادی لوبنان کە ''رێکخراوێکی گەنجانی دژ بە ماددەی سڕکەرە''، خانمی یەکەمی عیراق جەختیکردەوە، لەسەر پێویستی داڕشتنی ستراتیژێکی هەمەلایەنە بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ماددەی سڕکەر، لە وڵاتانی ناوچەکە وەک بەڵایەک کە سنورەکان ناناسێت، هەروەها بنبڕکردنی کاریگەرییەکانی لەسەر شێواندنی تاک و کۆمەڵ.
لە دیدارەکەدا کە شلێر سەردار بەڕێوەبەری پرۆگرامی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان و فاتیمە رازی بەڕێوەبەری نووسینگەی رێکخراوەکە لە بەغداد ئامادەیبوون، باس لە میکانیزمی هەماهەنگی و هاریکاری نێوان عیراق و لوبنان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ماددە سڕکەر کرا کە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر کۆمەڵ.
هاوکات شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی بە کاریگەریی خراپی ماددەی هۆشبەر لە ژیانی تاک کرد، کە کاریگەری بۆ سەر هەموو کۆمەڵ دروست دەکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گرنگی دەستپێکردنی هەڵمەتی هۆشیاری و پەروەردە بۆ هەموو تەمەنێک بەتایبەت منداڵان، سەبارەت بە دۆخی مرۆیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و مەترسیی ئەمنی، هەروەها چۆنیەتی خۆپاراستن و چارەسەرکردن و بەهێزکردنی رۆڵی یاسا.
نوێنەری ڕێکخراوی منداڵپارێز لە کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو هەوڵانەی رێکخراوەکە باسکرد ، بەتایبەتی لە چوارچێوەی بەرنامەی پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان و هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مەترسییەکانی مادەی سڕکەر.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو دەستپێشخەرییانە کرا کە بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم بەڵایە پێشکەش کران بە دامەزراندنی سەنتەری نوێ بۆ چارەسەری ئالوودەبوون و چاکسازی و ڕاهێنانی کادیران لە عێراق، هەروەها کردنەوەی یەکەم کتێبخانەی تایبەت بە توێژینەوەی زانستی لەسەر ئالوودەبوون بە سەرپەرشتی خانمی یەکەم.
لە بەرامبەردا جۆزێف حەوات ئاماژەی بەوەدا کە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی سڕکەر پێویستی بەوەیە هەمووان پێکەوە کاربکەن بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵ لەم بەڵا مەترسیدارە، ئاماژەی بەوەشکرد، بە هەوڵ و بەرنامەکانی رێکخراوەکەی لە پەرەپێدانی هۆشیاری کۆمەڵ بۆ سنوردارکردنی دیاردەی بڵاوبوونەوەی ئەو ماددانە.
