راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق دەڵێت، پێداگرن لەسەر بەكارنەهێنانی خاكی عیراق بۆ هێرشكردنەسەر وڵاتانی دراوسێ.

قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق، لە پەراوێزی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی نێوان عیراق و ئێران رایگەیاند، حكومەتی عیراق پێداگرە لەسەر بەكارنهێنانی خاكی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنەسەر وڵاتانی دراوسێ.

وتیشی، پێویستە ئەو كێشە و ئاستەنگانەی لەبەردەم جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی هەردوو وڵات هەن، چارەسەر بكرێن و كارەكانیش بۆ جێبەجێكردنی سەرجەم بڕگەكانی رێككەوتنەكە خێراتر بكرێن.

رۆژی 19-3- 2023، بە ئامادەبوونی قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق و عەلی شەمخانی سكرتێری ئەو كاتەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە بەغداد رێككەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات ئیمزاكرا و لیژنەیەكی باڵای ئەمنیش لەنێوان هەردوولا بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە پێكهێنرا.