خانمی یەکەمی عیراق جەخت لەسەر گرنگی هاریکاری و هەماهەنگیی بۆ پاراستنی کەلەپور و شوێنەوارەکان دەکاتەوە
٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
خانمی یەکەمی عیراق، لە بەغداد پێشوازیکرد لە د. محەمەد حەسان نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و لێپرسراوی نوێنەرایەتی هاریکاری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونامی) و جەختیکردەوە لە گرنگی هەوڵی زیاتر بۆ پاراستن و نۆژەنکردنەوەی ناوچە شوێنەواری و کەلەپورییەکان.
لە میانی دیدارەکەدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق داوای لە دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کاربکەن بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو دەستپێشخەریانەی کە دەگیرێتەبەر بۆ پاراستنی شوێنەوارەکان، هەروەها سندوقێک دابمەزرێنن بۆ پاڵپشتیکردنی کاری رێکخراوە کەلەپورییەکان بۆ پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگی لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکان و دۆخی ژینگەیی کە زیان بە ناوچە شوێنەوارەکان دەگەیەنێت بە شێوەیەک کە کەلەپوری عیراق بپارێزێت.
خانمی یەکەمی عیراق ئاماژەیکرد بە گرنگی سود وەرگرتن لە شارەزایی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بوارە مرۆییەکان، بەتایبەتی لە پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ روفاتی قوربانییەکان بە شێوەیەک کە لەگەڵ شکۆمەندییان بێتەوە، هەروەها دڵنیابوون لە بەڵگەنامەکردنی ئەو تاوانانە بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی و دادپەروەری بێتەدی.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بانگهێشتی نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق کرد بۆ ئەوەی سەردانی پارێزگای سلێمانی بکات و شوێنەوار و کەلپوری ئەوێ ببینێت لە بەرانبەردا محەمەد حەسان سوپاس و پێزانینی خۆی بانگهێشتنامە و ویستی دەربڕی و ئامادەیی خۆی نیشاندا و جەختیکردەوە لەسەر ویستی خۆی بۆئەوەی گەنجینەی کەلتووری شارەکانی عیراق زیاتر ببینێت.
هەر لە دیدارەکەدا باس لە پاڵپشتی و خەمخۆری منداڵان لە عیراق کرا، کە تیایدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد گرنگی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە پەرەپێدان و پەروەردەکردنی منداڵان روونکردەوە، هەروەها بەردەوامبوونی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ باشترکردنی ژیانیان و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و سەقامگیر دوپاتکردەوە کە بنەمای بنیاتنانی ئایندەیەکی بەهێز و بەردەوامە بۆیان، داوای دەستپێکردنی بەرنامەی دەستپێشخەریی کرد کە ئامانج لێی گرنگیدانە بە پەروەردە و تەندروستی دەروونی و جەستەیی منداڵان، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە بەر پەلاماری تیرۆریستیی کەوتوون و کاریگەری زۆریان لەسەرە.
لای خۆیەوە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ویستی خۆی نیشاندا بۆ کارکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پاراستنی شوێنەوار و دابینکردنی شارەزایی لە بواری هەڵکەندن و دۆزینەوەی گۆڕەکان، جگە لە هاریکاریکردن لە دۆسییە مرۆییەکان و تەواوکردنی ئەو پڕۆژە و بەرنامانەی کە گەشەسەندنی بەردەوام بەدەست دەهێنن بۆ دڵنیابوون لە داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو.