وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، تائێستا حكومەتی هەرێم هیچ بڕە نەوتێكی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ نەكردووە.

بەگوێرەی نوسراوێكی وەزارەتی نەوتی عیراق، كە سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویكردووەتەوە، تاكو ئێستا حكومەتی هەرێم هیچ بڕە نەوتێكی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ نەكردووە.

وەزارەتی نەوتی عیراق ئاشكراشیكردووە، كۆمپانیای نەوتی باكوور، لەسەر دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەك كێڵگەی نەوتی، سكاڵای دژی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم تۆمار كردووە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، هەمواری یاسای بودجە تایبەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە، بەڵام هێشتا ناكۆكی سیاسی لەسەر هەموارەكە هەیە و تائێستا پەسەند نەكراوە. بەپێی رێككەوتن و لێكتێگەیشتنەكانی نێوان هەولێر و بەغداد، بڕیارە دوای پەسەندكردنی ئەو هەمواری یاسایە، كە تیایدا تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە 6 دۆلارەوە بۆ 16 دۆلارەوە زیاد كراوە، حكومەتی هەرێم رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات.