محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بە سەردانێك گەیشتە بەریتانیا و چاوەڕوان دەكرێت چەند رێككەوتنێكی ئەمنی و ستراتیژیی ئیمزا بكات  . 

میدیاكانی بەریتانیا بڵاویانكردەوە، سودانی بەر لە گەیشتنی لەناو فڕۆكەكەدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، لە سەردانەكەیدا بۆ بەریتانیا رێككەوتنی هاوبەشی ستراتیژیی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵات ئیمزا دەكات.

وتوشییەتی، رێککەوتنەکە دەبێتە سەرەتایەكی نوێ بۆ پەیوەندییەكانی نێوان بەغداد و لەندەن، هەروەها چاوەڕوان دەكرێت راگەیەنراوێكی هاوبەشیان هەبێت سەبارەت بە هاوكاری ئەمنی لەنێوان عیراق و بەریتانیادا.

بەپێی راگەیەنراوێكی نوسینگەی کەیر ستامەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیاش، كەیر ستامەر و سودانی تاوتوێی رێككەوتنێكی نوێ دەكەن سەبارەت بە گەڕانەوەی پەنابەرە عیراقییەكان ، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی بەریتانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی كۆچی نایاسایی و توندكردنی سنورەكانی دەیدات.