ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگیدا بە درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان
هەساو ئەمیر
١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ ئەنجومەنینوێنەرانی عیراق کۆبووەوە و تیایدا خوێندنەوەی دووەمی بۆ هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵی کرد و بڕیاری لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنیش دا.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە دانیشتنەكەدا خوێندنەوەی دووەم كرا بۆ هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەكانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، ماددەی ١٢، بڕگەی جیم كە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم.
وتیشی، لە دانیشتنەكەدا تەنها خوێندنەوەی دووەم كرا بۆ هەمواری یاساكە، لیژنەی دارایی و ئەندامانی ئەنجومەن چەند تێبینییەكیان لەسەر هەموارەكە هەبووە، بۆیە لیژنەی درایی داوایی كردووە هەموو سەرنج و تێبینییەكان بە نووسراو رەوانەی لیژنەی دارایی بكەن، بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە هەموارەكەدا بكرێت و لە داهاتوویەكی نزیكدا پرۆژەكە بخریتە دەنگدانەوە.
هەروەها د.بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بە زۆرینەی دەنگ درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بۆ ماوەی دوو ساڵ پەسەندكرا.
هەر لە كۆبونەوەكەدا دەنگدرا لەسەر پێشنیازی هەمواری یەكەمی پاسپۆرت، هەمواری یاسای دەزگای هەڵگریش دواخرا، خوێندنەوەی یەكەمیش بۆ پێشنیازەیاسای خاوەن پێداویستی تایبەت كرا، هەروەها دەنگدانیش لەسەر پرۆژە یاسای هەمواری چوارەمی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی دواخرا.