سودانی رەتیدەكاتەوە روداوەكانی سوریا و كەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد، گۆڕانكاری سیاسی لە ناوخۆی عیراق بەدوای خۆیدا بهێنێت.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە بەغداد و لە وتارێكدا لە ساڵیادی شەهیدكردنی محەمەد باقر حەكیم وتی، لە چەند مانگی رابردوودا، بە گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ كاریانكردووە بۆ ئەوەی عیراق نەبێتە گۆڕەپانی جەنگ.

ئەوەشی خستەڕوو، چەند كەس و لایەنێك هەوڵیانداوە گۆڕانكارییەكانی سوریا ببەستنەوە بە گۆڕانكاری سیاسی لە ناوخۆی عیراقدا، بەڵام هەوڵەكانیان شكستی هێناوە، چونكە گفتوگۆكردن لەسەر ئەو پرسە قبوڵكراو نییە، هیچ كەس و لایەنێكیش ناتوانێت گۆڕانكاری بەسەر عیراقدا بسەپێنێت، چ لە رووی ئابوورییەوە چ لە رووی ئاساییشەوە.

سودانی جەختیلەوەشكردەوە، دەستبەرداری گۆڕانكاریی ئیداری و دەستكەوتەكانیان نابن و تائێستاش، زیاتر لە ٦٠٪ـی چاكسازییەكانیان كە لە كارنامەی ئەم كابینەی حكومەتدا هاتووە جێبەجێكردووە.

لەلایەكی ترەوە، بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق سەردانی ئێران بكات و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە، لەبارەی روداوەكانی سوریا و رەوشی ناوچەكە گفتوگۆ بكەن.