لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بیرۆكەی دریژكردنەوەی تەمەنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ ماوەی ساڵێك رەتدەكاتەوە.

محەمەد عەنوز ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، لەناو ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵێك هەیە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بۆ ماوەی ساڵێك، بڕیاریشە رۆژی یەكشەممە بۆ ئەو مەبەستە ئەنجومەنی نوێنەران دانیشتنێكی نائاسایی ئەنجامبدات وەك هەنگاوی یەكەم بە ئاراستەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.

وتیشی، ئەو بابەتە لەگەڵ ئەوەی پێویستی بە دانیشتنی نائاسایی نییە و دەكرێت لەگەڵ دەستپێكردنەوەی وەرزی یاسادان گفتوگۆی لەسەربكرێت، لیژنەی یاساییش لەگەڵیدا نییە و ئەو بیرۆكەیە بۆ دریژكردنەوەی تەمەنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رەتدەكاتەوە.