سەرۆک کۆمار: متمانەمان بە ئیرادە و یەکڕیزی عیراقییەکان هەیە
سام
٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ شەممە 4 ی کانوونی دووەمی 2025 بەشداری کرد لە رێوڕەسمی یادکردنەوەیەک کە لە هۆڵی گەورەی بەغدا لەژێر بە سەرپەرشتی نووسینگەی تایبەتی سەید ئەلحەکیم بەبۆنەی بیست و دووەمین ساڵیادی شەهیدبوونی سەید محمد باقر ئەلحەکیم و یادی رۆژی شەهیدانی عیراقەوە بەڕێوەچوو.
لەڕێوڕەسمەکەدا سەرۆک کۆمار وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە ساڵیادی شەهیدبوونی ئایەتوڵڵا محەمەد باقر ئەلحەکیم یادەوەرییەکی پڕ ئازارە کە تێیدا جەنگاوەرێک و موجاهیدێکمان لەدەستدا کە ژیان و کاری خۆی بۆ ئازادی عیراق و دامەزراندنی دەوڵەتی دادپەروەر و دەوڵەتی ئازادی و دیموکراسی تەرخان کرد، هەروەها ستایشی رۆڵی بەڕێزیانی کرد لە شەڕی دژ بە دیکتاتۆرییەت لە یەکخستنی هەوڵ و تواناکانی ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی عیراق و هەروەها لە کارکردن لە پێناو یەکڕیزی عیراقییەکان بە هەموو پێکهاتە و مەزهەبەکانەوە .
سەرۆک کۆمار تیشکی خستەسەر دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و ئاماژەی بە گرنگی پەیڕەوکردنی پرەنسیپی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و بەردەوامبوونی سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و یەکخستنی هەوڵەکانی هەمووان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کرد لە بەرژەوەندی ئاسایش و ئاشتی و ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتن کە ئاسایش و ئاشتی ناوچەکە و خواستی گەلانی ناوچەکە بۆ ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند دەگەڕێنێتەوە.
سەرۆک کۆمار لەکۆتایی وتارەکەیدا جەختی لەسەر گرنگی پتەوکردنی یەکڕیزیمان لە عیراق و ستراتیژی وڵاتەکەمان کرد کە لەسەر بنەمای پاراستنی سەربەخۆیی و یەکڕیزی و ئاسایش و سەلامەتی عێراق و پابەندبوون بە ڕێگەنەدان بە بەکارهێنانی خاکەکەی وەک سەکۆی دەستدرێژی دژی هیچ یەکێک لە دراوسێکانی.
ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەکەیە:
به ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز...
خوشک و برایانی خۆشەویست ...
سڵاو و دروود و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوای گەورەتان لەسەر بێت.
لەم ڕۆژەدا یادەوەرییەکی پڕ ئازار بۆ هەموومان بەبیر دەهێنینەوە، کە یادی شەهیدبوونی سەماحەتی ئایەتوڵڵای مەزن سەید محەمەد باقر ئەلحەکیمە.
ئەمڕۆ ڕۆژێکە تێکۆشەر و موجاهیدێکمان لەدەستدا کە ژیان و کارەکانی خۆی تەرخان کرد بۆ ئازادی عێراق و دامەزراندنی دەوڵەتی دادپەروەر و دەوڵەتی ئازادی و دێموکراسی.
ڕۆڵی ئەو لەشەڕی دژ بە دیکتاتۆرییەت و ستەمکاریدا ڕۆڵێکی بەرچاوو دیاربوو لەیەکخستنی هەوڵ و تواناکانی ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی عێراقی لەو ساڵانەداو پاشان ڕۆڵی شکۆمەندانە بوو بۆ کارکردن لەپێناو یەکڕیزیی عێراق بە هەموو پێکهاتە و مەزهەبەکانییەوە لەڕێی بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراتی فیدراڵییەوە .
لەدەستدانی ئەو خەسارەتێکی گەورە بوو و دڵنەوایی ئێمە لەدوای ئەو رێگایەکە بەردەوام بین لە کارکردن بۆ ئەو بەهایانەی ئایەتوڵڵای شەهید و سەرجەم شەهیدانی ئازادی قوربانییان داوە و بەهاکانی ماف و دادپەروەری و یەکسانی و ئاشتی
ئەمانە بەهاکانی عێراقێکی دیموکراتی بوون کە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و لەمپەری زۆر بۆتەوە تا ئەو کاتەی پرەنسیپەکانی دەوڵەت چەسپێنران و هەوڵەکان لە پرۆسەی بنیاتناندا و تێکشکاندنی تیرۆر و توندڕەوی و چەسپاندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی یەکخراون.
لەم ڕێگەیەدا دەستکەوتی زۆرمان بەدەستهێناوە و هێشتا کاری زۆرمان ماوە بەتایبەتی لەم هەلومەرجە ناوچەییەی هەڕەشە لە سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە دەکات و دەمانەوێت لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە بەسەر کاریگەرییەکانیدا زاڵ بین و سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پەیڕەو بکەین و هەوڵەکانی هەمووان یەکبخەین لە پێناو بەرژەوەندی ئاسایش و ئاشتی و ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتن کە ئاسایش و ئاشتی ناوچەکە و ئاواتی گەلانی ناوچەکە بۆ ژیانێکی ئازاد و شکۆمەند بگەڕێنێتەوە.
ئەم هەوڵانەی کەحکومەتی عێراق و هێزەکانی گەل و سەرجەم پێکهاتەو تایفەکان کاری بۆ دەکەن پێویستمان بەکارکردنی جددی هەیە بۆ پتەوکردنی یەکڕیزیی عێراقییەکان و پێدانی ئەولەویەتی پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانیە باڵاکان بە بەدیهێنانی داخوازیەکانی خەڵک بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و تەواوکردنی پرۆسەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری له سەرجەم بوارەکان، پاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە هەموو شێوەکانیەوە و لەهەر لایەکەوە بێ.
نابێت مەترسییەکان بەکەم بزانرێت بەڵام لە هەمان کاتدا متمانەمان بە ئیرادە و یەکڕیزی عێراقییەکان هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریەکاندا لە پێناو عێراقێکی ئازاد و سەربەخۆ و پابەند بێت بە دەستدرێژی نەکردن لە دژی ئەوانی تر، عیراق هەوڵ دەدات پرەنسیپەکانی دیالۆگ بچەسپێنێت و مافە ڕەواکانی هەمووان بپارێزێت، بەتایبەتی بۆ برایانی فەلەستین کە ئێمە پشتگیری لە مافی ژیانێکی ئارام و دەوڵەتی سەربەخۆ دەکەین بۆیان .
هەروەها پەرۆشی خۆمان بۆ سوریا دووپات دەکەینەوە کە گەلەکەی بەسەر هەلومەرجە سەختەکاندا زاڵ بووە و لای خۆمانەوە پشتیوانی خۆمان بۆ بنیاتنانەوەی دەوڵەتی سەربەخۆیان لە چوارچێوەی دیموکراسییەکی دادپەروەرانە دووپات دەکەینەوە کە مافی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا بپارێزێت.
لەم ڕووەشەوە پشتیوانی خۆمان بۆ گەلی لوبنانی برا دووپات دەکەینەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم دۆخەدا و بەردەوامین لە پشتیوانیکردنیان بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو تەنگژە لەسەر ژیانی لوبنانییەکان و جەخت لەسەر گرنگی پتەوکردنی یەکڕیزی گەلانی لوبنان و مافی ژیانێکی ئارام و سەقامگیر و بنیاتنانەوەی شار و گوند و دامەزراوە زیانلێکەوتووەکانی شەڕ دەکەن.
خوشک و برایان،
ماڵئاوایی لە ساڵێک دەکەین کە لەسەر ئاستی ناوچەکە ساڵێکی کارەساتی جەنگاوی بوو. ئەمەش پێویستی بە کار و هەوڵی گەورە هەیە لە لایەن ئێمەوە لە ناوچەکە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە. پێویستی بە پشتیوانی نێودەوڵەتی ڕاستەقینە هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم نائاساییە و پاشان پشتگیری گەلانی برایانی فەلەستین و لوبنان و سوریا .
له چوارچێوەی ئەم کارەماندا هیوادارین لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگی پتەوکردنی یەکێتی لەعێراق و ستراتیژی وڵاتەکەمان لە سەر سەربەخۆیی و یەکێتی و ئاسایشی عێراق دووپات دەکەینەوه
دوپاتیشی دەکەینەوە ئێمە کار بۆ ئاشتی دەکەین.
خوا عێراق و عێراقییەکان بپارێزێت و شکۆمەندی بۆ شەهیدانی ئازادی







