وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاند، عیراق باڵیۆزخانەكەی لە دیمەشق دەكاتەوە، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت، ئاسایشی عێراق بۆ دیمەشق گرنگە. 

وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی حكومەتی راگوزەری سوریا پەیوەندیەكی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە و گفتوگۆیان كردووە لەسەر ئەو بابەتانەی كە پەیوەندییان بە هەردوو وڵاتەكەوە هەیە. 

فوئاد حسێن رایگەیاندووە، عیراق نێردە دیبلۆماسییەكانی رەوانەی دیمەشق دەكاتەوە و باڵیۆزخانەكەشی دەكاتەوە بۆ ئەوەی دەست بە كارەكانیان بكەنەوە. 

هاوكات باس لە جموجۆڵی ئەم دواییانەی رێكخراوی تیرۆرستی داعش كراوە لە ناوچە سنورییەكان لەگەڵ هەماهەنگی و هاریكاری بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەكان

لەلای خۆشیەوە شەیبانی رایگەیاندووە، ئاسایش و سەلامەتی عیراق بۆ ئاسایشی سوریا گرنگە و ئامادەی هاریكاری تەواوی عیراقن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گروپە تیرۆرستییەكان و هەڕەشەكان