وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رایگەیاند، لە سبەینێوە گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان بەغداد- بەیروت دەستپێدەكەنەوە. 

رەزاق سەعداوی، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عیراق رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیرانی لە رۆژی دووشەممەوە گەشتە ئاسمانییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ لوبنان دەستپێدەكاتەوە، وتیشی ئامانج لەو بڕیارە، گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتییانەیە كە لە لوبنان گیریانخواردووە و ئارەزوو دەكەن بگەڕێنەوە.

هاوكات، مەناف عەبدول مەنعەم بەڕێوەبەری گشتی هێڵی ئاسمانی عێراقی، رایگەیاند، كۆمپانیاكانی هێڵی ئاسمانی سەرجەم ئامادەكارییە تەكنیكی و لۆجستییەكانی تەواوكردووە بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتەكانی لوبنان، وتیشی تا كۆتایی ساڵ گەشتەكان تەنها بۆ گەرانەوەی ئەو كەسانەیە كە لەو وڵاتە گیریانخواردووە، بەڵام لە یەكی كانونی دووەمەوە گەشتەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بە شێوەیەكی ئاسایی دەستپێدەكەنەوە.