سودانی و ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا
لاوان
١٤ی تەمووزی ٢٠٢٣
راگەیاندنی سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیاوە پێگەیشتووە و تیایدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات کراوە.
لە پەیەوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سودانی جەختی لەوەکردووەتەوە، عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی لە ھەوڵی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ وڵاتان بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆژەی گەشەپێدان، ھەروەھا لە ھەوڵدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگییەکان و بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە.
لەبەرامبەردا، ئەردۆغان پشتگیری خۆی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات دەربڕی و ئامادەیی تورکیای نیشاندا، بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانی عێراق، کە خزمەت بە گەلی ھەردوو وڵات و ناوچەکە بە گشتی دەکات.
پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانی عێراق، پڕۆژەیەکی ھێڵی ئاسنینە، کە بەندەری فاوی بەسڕە لە عێراق بە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپاوە دەبەستێتەوە و ئامانج لێی بەرەوپێشبردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە لە رێگەیی وشکانییەوە و رۆڵی گرنگی دەبێت بۆ بەھێزکردنی ژێرخانی ئابوری عێراق.



