دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریداوە سبەینێ، یەکەم دانیشتنی وەرزی دووەمی یاسادانان بەڕێوەبچێت، بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە خوێندنەوەی یەکەم بۆ حەوت پڕۆژەیاسا دەکرێت. ھەروەھا رۆژی دوو شەممەش خوێندنەوە یەکەم بۆ پێنج پڕۆژەیاسا دەکرێت، بەڵام دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە نەخراوەتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکان.

سەبارەت بەو بابەتە چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ٨ی ئایاری رابردووەوە بە نوسراوی رەسمی داوای لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە، دوای پشووەکان و دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان، پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کارەوە.

وتیشی، بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەن و ھەوڵەکان چڕدەکەنەوە بۆ ئەوەی ھەفتەی داھاتوو ئەو بابەتە بخرێتە بەرنامەی کار و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە بدرێت.