چەک شومەر: دەبێت جەنگی ئێران کۆتایی بێت
بڵند
٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
چەک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، داوای کۆتاییهێنانی بە جەنگی ئەمریکا دژی ئێران کرد و جەختی کردەوە، کە گەلی ئەمریکا هۆکارە راستەقینەکانی پشت دەستپێکردنی ئەم جەنگە نازانن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دوای سەرکەوتنی دیموکراتەکان بەسەر کۆمارییەکاندا، چەک شومەر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمریکییەکان نازانن بۆچی جەنگ دژی ئێران دەستی پێکردووە و پێویستە کۆتایی پێ بێت، دەشڵێت؛ ئەو رۆژانە رۆیشتن کە ئەنجومەنی پیران ملکەچی دۆناڵد ترەمپ بوو.
شومر یەکێکە لەو کەسایەتیانەی ئەمریکا بەردەوام دژی جەنگی ئێران بووە و رەخنەی لە نەبوونی ستراتیژێکی رون بۆ جەنگەکە گرتووە و ئیدارەی ترەمپی تۆمەتبار کردووە بەوەی وەڵامی پێویستی سەبارەت بە ئامانجەکانی کردارە سەربازییەکان و لێکەوتەکانی نەداوەتەوە.
لە نوێترین هەڵوێستیشیدا لە 28ی تشرینی یەکەمی رابردوو، شومەر جەختی کردەوە کە ئەم جەنگەی ماوەی هەشت مانگە بەردەوامە، پلانی رونی بۆ کۆتاییهێنان نییە، ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی تێچووە ئابووری و مرۆییەکانی و کاریگەرییە راستەوخۆکانی لەسەر نرخی سوتەمەنی و گوزەرانی ئەمریکییەکان کرد.
ئەم لێدوانانە هاوكاتە لەگەڵ دانپێنانی دۆناڵد ترەمپو جەی دی ڤانسی جێگری، بەوەی جەنگی ئێران یەکێک بووە لە هۆکارەکانی دۆڕانی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس، کە بووە هۆی سەرکەوتنی دیموکراتەکان و کۆنتڕۆڵکردنی هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیران.


