موحسین رەزایی: ئێران شكستێکی ستراتیژی بە سەرۆکی ئەمریکا گەیاند
دیلان
٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
راوێژکاری رابەری باڵای ئێران رایدەگەیەنێت، ئێران شكستێکی ستراتیژی بە سەرۆکی ئەمریکا گەیاند و ئەوەی رووبەڕووی وڵاتەکەی ببێتەوە باجەکەی دەدات.
موحسین رەزایی، راوێژکاری رابەری باڵای ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ئێکس' پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختیکردەوە، ئێران توانیویەتی شكستێکی ستراتیژی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بگەیەنێت.
راشیگەیاند، ئەو شکستە مەیدانییە چەند بەرەیەکی گرتووەتەوە، لەوانە گۆڕەپانی جەنگ و گەروی هورمز، هاوکات شکستێکی سیاسی بە واشنتۆن هێناوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هاووڵاتیانی ئەمەریکا باجی دارایی و تێچووی جەنگەکانی دۆناڵد ترەمپیان داوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، موحسین رەزایی هۆشداریدا و رایگەیاند، "هەر لایەنێک رووبەڕووی ئێران ببێتەوە، باجەکەی دەدات؛ لە گۆڕەپانی جەنگەوە تاکو ناو ماڵەکەی".


