وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی هەمیشە پابەند بووە بە چارەسەری ئاشتییانەی ناکۆکییەکان، بەڵام ئەمریکا رێڕەوێکی دوور لە دانوستانی هەڵبژاردووە.

لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئابووری (ئیکۆ) لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، لە کاتێکدا تاران پابەندی رێگەچارە دیپلۆماسییەکان بووە، واشنتۆن رێڕەوێکی جیاوازی گرتووەتەبەر کە خۆی لە دەستدرێژی، هەڕەشە، تیرۆرکردن و فشارە ئابوورییەکان و گەمارۆداندا دەبینێتەوە.

راشیگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل بەرپرسیاری سەرەکین لە نەبوونی ئاسایش لە کەنداو و پەرەسەندنەکانی گەروی هورمز، وتیشی ناوچەکەش تەنها پێویستی بە چوارچێوەیەکی ئەمنیی سەربەخۆ نییە، بەڵکو پێویستی بە میکانیزمێکی هەرێمیی متمانەپێکراو و بەردەوامە لە بواری وزەدا، بە جۆرێک کە رێڕەوی دابینکردنی وزە بپارێزێت و سەقامگیرییەکەی مسۆگەر بکات.

ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، کە هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمز بەردەوامن و سوپای پاسداران رۆژانە بەئامانجگرتنی کەشتییەکان لە رێگەی مینە دەریاییەکان یان هێرشی راستەوخۆوە رادەگەیەنێت.