سەرۆك وەزیرانی عیراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری كۆبوونەوە
کەژان
١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کۆبووەوە و پرسی سەپاندنی یاسا و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتییان تاوتوێكرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئێوارەی رۆژی یەك شەممە لەگەڵ فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری كۆبووەوە و رێكارەكانی حكومەتیان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا، پاراستنی سەرچاوە ئابورییەكان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی تاوتوێكرد، هاوكات جەختیشیان لە گرنگیی پشتیوانیی دەسەڵاتی دادوەری بۆ ئەم هەنگاوانە كردەوە.
ئەم كۆبوونەوەیە هاوكاتە لەگەڵ گرتنەبەری رێكارە ئەمنییەكان لە ناوچەی جرف سەخر ، كە لەسەر پاشخانی دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت ئەنجام دەدرێن، ئەویش دوای ئەوەی زەیدی ڕاپۆرتی لیژنەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە ئاشكراكردنی پڕۆسەكانی قاچاخچێتی لەو ناوچەیە بەدەست گەیشت.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییش لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایانكرد، فایەق زێدان لەگەڵ سەرۆك وەزیران بە وردی تاوتوێی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوتیان كردووە.


