ئەمڕۆ پێنجشەممە، حکومەتی کەنەدا پڕۆژەیاسای بودجەی نوێی وڵاتەکەی دەخاتەڕوو، بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستنی ئابوریی ئۆتاوا بە ئەمریکا.

مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند؛ پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا، ناگەڕێنەوە بۆ رەوشی پێش ئەو باجە گومرگییانەی کە دۆناڵد ترامپ بەسەر وڵاتەکەیدا سەپاندبووی، تەنانەت سەرەڕای شکستی کۆمارییەکانیش لە هەڵبژاردنە نیوەییەکاندا، هەر بۆیە ئۆتاوا بڕیاریداوە لەڕێگەی بودجەی نوێوە کە بە ناونیشانی 'سەروەری چارەنووسی خۆمانین' ناونراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، فرانسوا فیلیپ شامپاین، وەزیری دارایی کەنەدا ئاماژەی بەوە کرد؛ پلانەکەیان لە پێناو گۆڕینی مۆدێلی گەشەی ئابوری و بەهێزکردنی بازرگانیی ناوخۆیی و دەرەکییە، بۆ ئەوەی وڵاتەکەی بەهێزتر و سەربەخۆتر بێت و هاوکاری دارایی بۆ ئەو کرێکارانەی لە کەرتەکانی ئۆتۆمبێل و پۆڵادا بەهۆی باجەکانی واشنتنەوە زیانیان بەرکەوتووە، دابیندەکرێت.

ئەم هەنگاوەی کەنەدا لە کاتێکدایە، بەهۆی بەردەوامبوونی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرزبوونەوەی نرخی وزە، مانگی رابردوو بانکی ناوەندیی کەنەدا بۆ یەکەمجار لە ماوەی سێ ساڵدا، رێژەی سوودی بانکی بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان بەرزکردەوە.