حوسییەکانی یەمەن لە میانی پەیوەندی و گفتوگۆکانیان لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ململانێکان، داوای وەرگرتنی 51 ملیار دۆلار و بە رەسمی ناساندنی دەسەڵاتەکەیان لە یەمەن کردووە.

رۆژنامەی "واڵ ستریت جۆرناڵ"، لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە، حوسییەکانی یەمەن بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ لەگەڵ سعودییە داوای 51 ملیار دۆلاریانکردوە وەک قەرەبوی زیانەکان.

لە راپۆرتەکەی، واڵ ستریت جۆرناڵدا هاتووە؛  حوسییەکان ئەم بڕە پارەیەیان وەک قەرەبووی ئەو زیانانە داواکردووە کە لە ئەنجامی ساڵانێک هێرشی ئاسمانی و گەمارۆدانی یەمەن لەلایەن سعودیە تووشیان بووە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە،  عەرەبستانی سعودیە دوای توندتربوونی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان و فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتە و پێشڕەوییەکانیان بەرەو بەندەری عەدەن، روبەڕوی هەڵبژاردنی دژوار بووەتەوە.

بەپێی وتەی لێپرسراوانی سعودیە، محەمەد بن سەلمان، وەلیعەهدی عەرەبستانی سعودیە، ئارەزووی ئەوە ناکات بێ بەدەستهێنانی دەستکەوتی مەیدانی لە یەمەن دەستبکات بە گفتوگۆی گشتگیر لەگەڵ حوسییەکان، لە هەمان کاتدا نیگەرانە لەوەی ناردنی هێزی زیاتر بۆ یەمەن ببێتە هۆی زیانی گیانی قورس و ناڕەزایەتی ناوخۆیی.