ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەگەڵ وەزارەتی نەوت تاوتوێی پلانی بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بۆ 7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا تا ساڵی 2032 دەكات.

لە كۆبوونەوەیەكی هاوبەشدا، لیژنەی هەرێمەكان، پارێزگاكان و پلاندانان لە ئەنجوومەنی نوێنەران میوانداریی وەزیری نەوتی عیراق و لێپرسراوانی باڵای وەزارەتەكەی كرد. لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەسەر ستراتیژی گەیشتن بە بەرهەمهێنانی 7 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا تا ساڵی 2032، پەرەپێدانی بۆرییە سەرەكییەكانی گواستنەوە و تەواوكردنی سێیەمین بۆریی دەریایی كرا بۆ ئەوەی دەروازەكانی هەناردەكردنی نەوت هەمەجۆر بكرێن.

لە راگەیاندراوێكی ئەنجوومەنی نوێنەراندا هاتووە بەشداربووان هۆكاری سستی و پەككەوتنی بەشێك لە پڕۆژەكانی غازیان لە ساڵی 2023ەوە تاوتوێ كردووە، بە ئامانجی وەبەرهێنان لە غازی بەرهەمهاتوو تا پێداویستیی ناوخۆیی پڕبكرێتەوە و پشت بە هاوردەكردن نەبەسترێت.جەختی لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی پاڵاوگەی نەجەف، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی دارایی و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی كارنامەی حكومەت كردەوە.