منداڵپارێزی کوردستان؛ 35 ساڵ لە خزمەتی منداڵان دا
١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
بەبۆنەی سی و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، رێورەسمێکی تایبەت بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە هاوکاران، پشتیوانان و هاوبەشانی رێکخراوەکە بەڕێوەچوو.
لە بۆنەکەدا باس لە مێژووی کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە لە ماوەی 35 ساڵی رابردوودا کرا و ئاماژە بە هەوڵ و دەستپێشخەرییەکانی رێکخراوەکە لە بوارەکانی پاراستنی منداڵان، پشتیوانیکردنی خێزانەکان، تواناسازی و پەرەپێدانی گەنجان و دروستکردنی دەرفەتی زیاتر بۆ ژیانی باشتر بۆ منداڵان کرا.
لەوبارەیەوە خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، رێڕەوێکە کە بە توانایەکی سنووردار دەستی پێکرد، بەڵام بەهۆی باوەڕ بە پەیامەکە و بەهۆی هەموو ئەو کەسانەی لەم رێڕەوەیا لە گەڵمان بوون، بەردەوام بوو و گەشەی کرد.
خاتوو شاناز سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنەی کرد کە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بە شێوەی جۆراوجۆر پشتیوانی رێکخراوەکە و پەیامی منداڵپارێزی کوردستانیان کردووە؛ چ بە هاوکاریی ڕاستەوخۆ، چ بە دابینکردنی دەرفەتی کار و راهێنان و تواناسازی، یان بە پشتگیریکردن لە چالاکی و دەستپێشخەرییە خێرخوازییەکان.
لەو رێورەسمەدا پیرۆزبایی و سوپاسی هەموو ئەو کەسانەکرا کە لە ڕابردوودا بەشێک بوون لە چیرۆکی منداڵپارێزی کوردستان و هێشتا لەگەڵ پەیامەکەیدا بەردەوامن.


