قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند یەکێتی و پارتی دوژمنی یەکتری نین و نابێت هەوڵی شکاندنی یەکتری بدەن، جەختیشی  جەختی لە گرنگی ئاشتی، تەبا و کارکردنی بەکۆمەڵ کردەوە.

لە میانی دیدارێکی تایبەتدا بۆ کوردسات نیوز لە پەراوێژی لوتکەی سلێمانی 2026، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لە کاتە سەختەکاندا ئەزمونێکی جوانی لە کارکردن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هەبووە و پشتیوانی یەکتری بوون، کە ئەوەش بووەتە بناغەیەک بۆرڕێزگرتنی دوولایەنە.

هاوکات ئاماژەی بە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی کرد و روونی کردەوە، ئەگەریەکێتی و پارتی بەیەکەوە کار نەکەن و یەکتر بشکێنن هەردوولا دەدۆڕێن و لە ئەنجامدا کوردستان دەشکێت، بۆیە نابێت وەک دوژمن سەیری یەکتری بکەن چونکە لە راستیدا دوژمنی یەکتری نین.

جێگری سەرۆک وەزیران وێڕای ئاماژەدان بە پرسی بودجەی 2027 و پێویستیی دەربازبوون لە میزاجی شەخسی، باسی لە فرەچەشنی لە ئابوری کوردستاندا کرد و دووپاتی کردەوە کە ئابوری هەرێم تەنیا بە بیرکردنەوە لە نەوت و نیشتەجێبوون بەهێز نابێت بەڵکو پێویستە لە هەموو کەرتەکاندا پێشکەوتن بەدیبهێنرێت.

لەبارەی بونی مەترسی لەسەر هێزەکانی پیشمەرگە، قوباد تاڵەبانی دڵنیایی دا و رایگەیاند، پێشمەرگە رەمز و روح و دڵی کوردستانە و کەس مافی ئەوەی نییە بە خراپی باسیان بکات.

سەبارەت بە رەوشی رۆژئاوا و باکووری کوردستانیش خۆشحاڵی خۆی بۆ پێشکەوتنی پرۆسەی ئاشتی دەربڕی و وتی؛ کەس لە ئاشتیدا زەرەر ناکات.