خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئامادەی رێوڕەسمی کردنەوەی شەشەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی بوو
٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئامادەی رێوڕەسمی کردنەوەی شەشەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی بوو، کە بە پاڵپشتیی میدیایی دەزگای میدیایی کوردسات و بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان، ئەکتەر، سینەماکاران و فیلمسازان بەڕێوەچوو.
لەو ئێوارە هونەرییە پڕشکۆیەدا، لە نێو هەستی قوڵی هونەری و ئامادەبوونی کۆمەڵێک کەسایەتیی دیار و ناسراوی بواری سینەما و هونەر، بەرهەمی هونەری جۆراوجۆر پێشکەش کران.
بەشداریی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەم بۆنە هونەرییەدا، جەختکردنەوەیە لەسەر گرنگیی هونەر و سینەما لە پەرەپێدانی کلتور، ڕۆشنبیری و ئاوێتەبونی کۆمەڵگەکان، هەروەها پشتگیریی بەرهەمهێنەرانی بواری هونەر و فیلمسازیی کوردی لەپایتەختی ڕۆشنبیری.
فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی یەکێکە لە بۆنە هونەرییە گرنگەکان، کە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە ناساندنی توانای هونەری و سینەمایی کورد و بەستنەوەی پەیوەندی و کاری هاوبەشی هونەرمەندانی ناوخۆ بە بواری سینەمای نێودەوڵەتییەوە.


