کارەبای سلێمانی: سبەینێ تا 9ـی شەو دەوام دەیکەن بۆ وەرگرتنی قەرزی کۆنی کارەبا
محەمەد رزگار
٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
کارەبای سلێمانی درێژکردنەوەی سەعاتەکانی دەوامی تا 9ـی شەو راگەیاند، بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەت بۆ هاووڵاتییان تا لە دوا رۆژدا سوود لە لێخۆشبوونی ٪50ـی قەرزی کارەبا وەربگرن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی ئاگادارییەکی ئاراستەی دانیشتووانی شارەکە کرد و دەڵێت، بەهۆی ئەوەی سبەینێ پێنجشەممە دوا رۆژی لێخۆشبوونی ٪50ی قەرزی کارەبایە، تا سەعات 9ـی شەو دەوام دەکەن بۆ وەرگرتنی قەرزی کۆنی کارەبا.
کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی 'رۆژهەڵات، رۆژئاوا و دەربەندیخان' تا سەعات 9ـی شەو لە دەوام دەمێننەوە.
کارەبای سلێمانی داواش لە هاووڵاتییان دەکات سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکان بکەن بۆ ئەوەی لە دوا رۆژدا سوود لە داشکاندنەکە وەربگرن و قەرزەکانیان بدەنەوە.


