لە رۆژی شەممە یاخود یەکشەممەوە لە سنووری قەزای چەمچەماڵ دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک دەستپێدەکات.

راگەیاندنی قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ بڵاویکردەوە، لەسەر داواکاری قائیمقامی چەمچەماڵ و بە بڕیار و راسپاردەی عەتا محەمەد، لێپرسراوی نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاردراوە لە رۆژی شەممە یاخود یەکشەممەوە بەنزینی پاڵپشتیکراو بە نرخی 750 دینار لە بەنزینخانەکانی سنوری قەزاکە دابەش بکرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، رۆژانە لە رێگەی پەیجی فەرمی قائیمقامیەتەوە ناوی ئەو بەنزینخانانە بڵاودەکەینەوە کە بەنزینەکەیان تێدا دابەش دەکرێت، هەروەها لەلایەن لیژنەکانی سوتەمەنی قائیمقامیەتەوە چاودێرییەکی وردی پڕۆسەی دابەشکردنەکە دەکرێت بۆ رێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەک.