وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایدەگەیەنێت؛ پشکی راستەقینەی هەرێم لە نەوتی خاو زیاتر لە دوو بەرانبەری ئەو بڕەی ئێستایە، جەختیش دەکاتەوە ئامادەن بۆ دانوستان لەسەر دابینکردنی سوتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو.

کەمال محەمەد ، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، لە راگەیەنراوێکدا وەڵامی لێدوانەکانی باسم محەمەد، وەزیری نەوتی عیراقی دایەوە دەربارەی کێشەی بەنزین لە هەرێم و رایگەیاند، پشکی راستەقینەی هەرێم لە نەوتی خاو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ زۆر زیاترە لەوەی ئێستا دیاریکراوە.

وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەکرد، دیاریکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم ئەنجامی رێککەوتنێکی کاتی بووە و بە خواستی هەرێم نەبووە، جەختیشی کردەوە کە بەپێی پێوەرەکان پشکی دادپەروەرانەی هەرێم زیاتر لە دووبەرانبەری ئەو بڕەی ئێستایە.

ئەوەشی خستەروو، بەرژەوەندیی هاووڵاتییان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و ئەگەر وەزارەتی نەوتی فیدراڵی ئامادە بێت گفتوگۆ لەسەر دابینکردنی سوتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو و بەپێی رێژەی دانیشتووان بکات، ئەوا هەرێمی کوردستان بە رەچاوکردنی مافە دەستورییەکان ئامادەی دانوستانە.