حكومەتی عیراق دەیەوێت بۆ ساڵی 2027 مۆدێلێكی نوێی بودجە ئامادە بكات
هەساو ئەمیر
١٣ی ئابی ٢٠٢٦
راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عیراق روونیکردەوە، پلانیان هەیە بۆ بودجەی ساڵی 2027 زیاتر پشتبە داهاتی نانەوتی ببەستن و چاکسازیی ئیداریش ئەنجامبدەن.
مەزهەر محەمەد، ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، حكومەتی عیراق بەرەو ئامادەكردنی بودجەی ساڵی داهاتوو هەنگاودەنێت و تیایدا كار لەسەر بەرزكردنەوەی داهاتی نانەوتی دەكرێت و چاكسازی ئیداری تێدا ئەنجامدەدرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا بەهۆی پێشهاتەكانی ناوچەكە و ناجێگیریی بازاڕی وزە، دارایی گشتیی روبەڕوی فشاری زیاتر بووەتەوە و ئەوەش كاری كردووەتە سەر داهاتی نەوت، كە عیراق بەشێوەیەكی سەرەكی پشتی پێدەبەستێت، بۆیە هەوڵدەدرێت ئەو مۆدێلەی بودجە بۆ ساڵی داهاتوو بگۆڕدرێت.
راوێژكاریی دارایی سەرۆك وەزیران ئەوەشی خستووەتەروو، نەبوونی یاسای بودجەی ساڵی 2026 وایكرد كار بە یاسای كارگێڕێ دارایی بكرێت و خەرجییەكان بە رێژەی 1/12 دابەش بكرێن بۆ دابینكردنی موچە و چاودێری كۆمەڵایەتی.


