سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتۆن کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانیان و گفتوگۆکردن لەبارەی رەخنە توندەکانی ڤانس بەرامبەر حکومەتی ئیسرائیل.

پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس بڵاویکردەوە، ناتانیاهۆ لە کۆبوونەوەکەدا نیگەرانی خۆی لە بەرانبەر رەخنە گشتییەکانی ڤانس دەربڕیوە، لە بەرانبەریشدا ڤانس گومانی لە ستراتیژییەکانی ناتانیاهۆ بۆ شەڕ هەبووە و هەردوولا کۆبوونەوەکەیان بە کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆ و راشکاوانە ناوهێناو.

ئەکسیۆس ئاماژەی بەوەشداوە، ناکۆکییەکانی نێوانیان گەیشتە ئاستێک کە ڤانس لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد، ئەمریکا بەرەو شەڕی زیاتر پاڵ هاندەدات؛ تەنانەت ڤانس باسی لە پەیوەندیی نێوان هەواڵگریی ئیسرائیلی و "جێفری ئێپستاین" کردبوو، کە ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای ئیسرائیلییەکان دروستکردبوو.

ئەوەش لە کاتێکدایە، جەی دی ڤانس لە بازنەی نزیکی دۆناڵد ترەمپدا، وەک یەکێک لە گەورەترین رەخنەگرانی سیاسەتەکانی ناتانیاهۆ و داکۆکیکار لە دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران دەناسرێت.