ناتانیاهۆ: لەگەڵ ترەمپ تاوتوێی رەوشی ئێران دەکەین
محەمەد رزگار
٢٦ی تەمووزی ٢٠٢٦
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە میانی کۆبوونەوەی ئایندەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تاوتوێی تەواوی پرسە هەنووکەیییەکان دەکەن کە لە سەرووی هەمویانەوە رەوشی ئێرانە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەی هەفتانەی کابینەی حکومەتەکەیدا، ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەکرد کە بەشداری لە رێوڕەسمی بەخاک سپاردنی تەرمی سیناتۆری کۆچکردووی ئەمریکی "لیندزی گراهام"دا دەکات و بە "یەکێک لە مەزنترین دۆستەکانی ئیسرائیل لە مێژوودا" وەسفی کرد.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنجامداوە و تێیدا رۆبیۆ دڵنیایی داوەتێ کە واشنتۆن بەنیازە رێکاری توند دژی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) بگرێتەبەر، ئەوەشی خستەڕوو، لە میانی سەردانەکەیدا لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێی رەوشی ئێران دەکەن.
ناتانیاهۆ باسی لەوەکرد، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی "مەترسییە بۆ سەر دادپەروەری لە جیهاندا و پێشێلکارییە بەرانبەر سەروەریی وڵاتە دیموکراتەکان"، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ بڕیاری دەستگیرکردنی خۆی و یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی پێشوی ئیسرائیل.
هاوکات هێرشی توندی کردە سەر کەریم خان، دادوەری پێشووی دادگاکە و تۆمەتباری کرد بەوەی بڕیاری دەستگیرکردنەکەی بۆ ئەوە بەکارهێناوە "سەرنجەکان لەسەر کێشە کەسییەکانی خۆی لاببات و دوژمنانی ئیسرائیل لە پشتی خۆی کۆبکاتەوە"، جەختیشی کردەوە کە ئەم هەنگاوە پەردەی لەسەر "گەندەڵی قووڵ لەناو داواکاری گشتی و تەواوی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا" هەڵماڵیوە.



