نیۆرک تایمز: بەهۆی کەمی موشەکەوە دۆناڵد ترەمپ هێرشەکانی بـۆ سـەر ئێران راگـرتـوە
بڵند
٢٦ی تەمووزی ٢٠٢٦
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لانیکەم بۆ ئێستا پلانەکانی بۆ فراوانکردنی بەرچاوی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران هەڵپەساردووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ئەم بڕیارەی ترەمپ دوای ئەوە هاتوە، کە راوێژکاران و لێپرسراوانی باڵای ئیدارەکەی هۆشدارییان داوە لەوەی پەرەسەندنی زیاتری جەنگەکە، دەبێتە هۆی دابەزین و کەمبوونەوەیەکی مەترسیدار لە کۆگاکانی موشەکی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و تەقەمەنییە بەربەستکارەکانی دیکەی پێنتاگۆن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بەپێی وتەی لێپرسراوانی ئیدارەی ئەمریکا، مەترسیی تێپەڕینی موشەکەکان و نەمان لە کۆگاکانی بەرگریی ئاسمانی، تەنیا یەکێکە لەو هۆکارە زۆرانەی کە دەستپێکردنەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکانی کردووەتە ریسکێکی ئێجگار گەورە.
جگە لەوەش، ترەمپ و یاریدەدەرە باڵاکانی نیگەرانن لە ئەگەری ئاڵۆزترکردنی ناوچەکە بەهۆی شەڕێکی بەرفراوانەوە، لەدەستدانی هاوپەیمانە سەرەکییەکانی کەنداو کە زۆر لێکراون و بەرکەوتەی هێرشی ئێرانیین، لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوریی جیهانی، ئاڵۆزیی بازاڕی وزە و کێشەی پەنابەران.
ئەم وەرچەرخانە تازەیەی هەڵوێستەکانی ترەمپ بەرانبەر ئێران، دوای کۆبوونەوەیەکی رۆژی هەینی هاتوە، لەگەڵ راوێژکارە باڵاکانی و ئەندامانی کابینەکەی.
نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەکردوە، تەرکیزی سەرەکی خراوەتە سەر کەمبوونەوەی بەردەوامی سیستەمەکانی پاتریۆت؛ بەتایبەت دوای ئەوەی هەینی رابردوو موشەکێکی بالیستیکی لە نێوان بارانی موشەک و درۆنەکانی ئێراندا توانی لە بەرگریی ئاسمانی ئەمریکا دەربچێت و ئامانجەکەی بپێکێت، کە بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی لە ئوردن کوژران.



