ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران ئاگاداریی دایە حکومەتی بەریتانیا لە بەرانبەر رێگەدان بە فڕۆکە بۆمبڕێژەکانی ئەمریکا تاوەکو لە بنکەکانی ئەو وڵاتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرش لەسەر ئێران بفڕن.

سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە: هەر بنکەیەک بۆ ئەنجامدانی هێرش لەسەر خاکی ئێران بەکاربهێنرێت، بە ئامانجێکی رەوا بۆ هێزەکانمان هەژمار دەکرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو بنکە سەربازییانەی کە رەنگە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئۆپراسیۆنەکانیدا دژی تاران سوودیان لێ وەرگرێت.

لە لایەکی ترەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرکۆنەی بڕیاری حکومەتی بەریتانیای کرد بە خستنەگەڕی بنکە و توانایە سەربازییەکانی لە ژێر دەستی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی هێرش لەسەر ئێران، هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئەم هەنگاوە لەندەن دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتیی ئەو پێشهاتانەی کە لە ئەنجامی ئەم کارەوە دەکەونەوە.