سندوقی گەشەپێدانی عیراق هەلی وەبەرهێنان بە بەهای 40 ملیار دۆلار دەخاتە روو و باس لەوەدەكات، دەتوانرێت لەبری هاوردەكردن وەبەرهێنان لە ناوخۆدا بكرێت.

سندوقی گەشەپێدانی عیراق ئاشكرای كرد، هەلی وەبەرهێنان بە بەهای 40 ملیار دۆلار لە ئارادایە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو كەلوپەلانەی لە جیاتی هاوردەكردنیان لە دەرەوە، لە ناوخۆی وڵاتدا بەرهەم دەهێنرێن.

محەمەد نەجاڕ سەرۆكی سندوقەكە رایگەیاند، سەرمایەی سندوقەكە بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنانە و جیاوازە لە بودجەی گشتی كە تەنیا خەرجییە. 

ئاماژەی بەوەشكرد، سندوقەكە بەردی بناغەی  دروستكردنی ئابورییەكی جێگرەوەیە، بەتایبەت لە ئێستادا كە بودجە پەسەند نەكراوە.

روونیشیكردەوە، ئامانجی ئەم هەنگاوە گۆڕینی هاوردەكردنی ساڵانەیە بۆ دروستكردنی كارگە و وەبەرهێنانی ناوخۆیی بە هاوكاریی وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتە، كە ئەمەش جگە لە كەمكردنەوەی بارگرانیی هاوردەكردن، بە هەزاران هەلی كاری نوێ بۆ هاووڵاتییان دابین دەكات و دەبێتە هۆی گەشەپێدانی راستەقینەی ئابوری لە وڵاتدا.