وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نرخێکی نوێ بۆ جۆرەکانی بەنزین دیاری دەکات و هۆشداریش دەداتە وێستگەکان

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ رێکخستنی نرخی سوتەمەنی و پاراستنی بەرژەوەندی هاووڵاتییان، بڕیارێکی نوێییان سەبارەت بە نرخ و کوالێتی بەنزین دەرکردووە.

لە بڕیارەکەدا هاتووە، بەپێی فەرمانێکی وەزاری، کە ئیمزای کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی بە وەکالەتی لەسەرە، نرخەکان بۆ هەردوو کەرتی حکومی و بازرگانی بە شێوەیەکی نوێ رێکخراونەتەوە
.

لە بڕیارەکەدا ئەوەش هاتووە، نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵی حکومی بە 750 دینار جێگیر کراوە.

 سەبارەت بە کەرتی بازرگانیش، وەزارەت سەقفێکی بۆ نرخەکان داناوە و رایگەیاندووە؛ نابێت نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە 850 دینار تێپەڕ بکات و بۆ جۆرەکانی دیکەی بەنزین، نرخی لیترێک بەنزینی موحەسەن بە 100 دینار و بەنزینی سوپەر بە 1200دینار وەک بەرزترین نرخ دەستنیشان کراون و وێستگەکان بۆیان نییە لەو نرخە گرانتر بیفرۆشن
.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختی لەوەش کردووەتەوە، تەنها پابەندبوون بە نرخەکان بەس نییە، بەڵکو پێویستە سەرجەم وێستگەکان پابەندی رێنماییەکان بن لەڕووی کوالێتییەوە و ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بەپێی ستانداردەکان بێت.


لە نووسراوەکەدا هۆشدارییەکی توندیش دراوە بە خاوەن وێستگەکان کە هەر جۆرە سەرپێچییەک لە نرخ یان کوالێتی، خاوەنەکەی روبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و سزای توند دەکاتەوە
.