مەترسییەکی ژینگەیی لەناکاو جیهانی تۆپی پێ دەهەژێنێت و تەمومژ دەخاتە سەر بەڕێوەچوونی گرنگترین روداوی وەرزشیی ساڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، ئەگەری هەیە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026ـی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئەرجەنتین بەهۆی تێکچوونی جۆری هەوا و بڵاوبوونەوەی دووکەڵی چڕی ئاگرکەوتنەوە بەردەوامەکانی کەنەداوە، دوا بخرێت.

بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 19ـی تەمموز، یاریی کۆتایی مۆندیال لەسەر یاریگای "میتلایف" لە ویلایەتی نیوجێرسی ئەمریکا بەڕێوەبچێت، بەڵام گەیشتنی دووکەڵی چڕی دارستانە سووتاوەکانی کەنەدا بۆ ئاسمانی چەندین شاری ئەمریکا و لە نێویشیاندا نیویۆرک، نیگەرانییەکی زۆری لای سەرپەرشتیارانی یارییەکە دروستکردووە.

بەهۆی خراپیی کوالیتی هەواوە کە لە هەندێک ناوچەدا ئاستی مەترسییەکەی گەیشتووەتە سەروو 240 (ئەمەش پۆلێن دەکرێت وەک رەوشێکی زۆر ناتەندروست).

ئەو چالاکییە وەرزشییانەی لە ئەمریکا کاریگەر بوون و دواخراون:

خولی نایابی ئەمریکی (MLS) یاریی نێوان هەردوو یانەی "شیکاگۆ فایەر" و "ڤانکۆڤەر وایتکاپس"ی دواخست.

هاوکات لە شیکاگۆ چەندین شوێنی گشتی داخران و چالاکییە دەرەکییەکان هەڵوەشێنرانەوە، بەهۆی گەیشتنی مەترسیی کوالێتی هەوا بۆ "ئاستی سور"، باری نائاسایی راگەیەندرا.

هەرچەندە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەری دواخستنی یاریی کۆتایی مۆندیال هێشتا لاوازە، بەڵام یەکێتیی تۆپی پێی جیهان'فیفا' لە نزیکەوە چاودێریی رەوشەکە دەکات. فیفا پرۆتۆکۆلی تەندروستی تایبەتی هەیە کە رێگەی پێدەدات یارییەکە دوا بخات ئەگەر دەرکەوت رەوشی کەشوهەوا مەترسی لەسەر تەندروستیی یاریزانان و هاندەران دروست دەکات.

بەپێی دواین ئاماری ناوەندی هاوبەشی کەنەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاگرکەوتنەوە، لە ئێستادا 876 ئاگری چالاک لە دارستانەکانی ئەو وڵاتەدا هەن کە 202 دانەیان لەژێر کۆنترۆڵ دەرچوون، هاوکات ژمارەی ئاگرکەوتنەوەکان لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە تا ئێستا سێ هەزار و 500 ئاگری تێپەڕاندووە.

جیهانی وەرزش چاوەڕوانی یارییە مێژووییەکەی رۆژی یەکشەممەیە، کە تێیدا ئەرجەنتین هەوڵی پاراستنی نازناوەکەی دەدات و ئیسپانیایش دەجەنگێت بۆ بەدەستهێنانی دووەم نازناوی مۆندیال لە مێژووی خۆیدا.