دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیارێکی چاوەڕواننەکراوی راگەیاند و دەستبەجێ نهێنیپارێزی لەسەر کۆمەڵێک بەڵگەنامە و زانیاریی هەواڵگریی هەستیار لادا کە پەیوەندییان بە دەستوەردانی دەرەکی لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەیەوە هەیە.

لە دەستپێکی وتارەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە سەرکەوتنە ئابورییەکانی کابینەکەی کردەوە و رایگەیاند:ئێمە لە ئێستادا باشترین دەوڵەتین لەسەر ئاستی جیهان، زیاتر لە هەر کاتێکی تر وەبەرهێنان لە ئەمریکادا هەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد کە رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکەدا گەورەترین دابەزینی لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا بەخۆیەوە بینیوە و بازاڕە داراییەکانیش لە بەرزترین ئاستی مێژووییدان، بەڵام جەختی کردەوە: هیچ وڵاتێک ناتوانێت مەزن بێت ئەگەر هەڵبژاردنەکانی پاک و بێگەرد نەبن.

دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد کە بۆ چەندین ساڵ زانیارییە هەواڵگرییەکان لەسەر دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا بە نهێنی هێڵدرابوونەوە، بەڵام بڕیاریداوە دەستبەجێ بڵاوبکرێنەوە.

ترەمپ ئاشکرای کرد کە چین لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020دا دەستی گەیشتووە بە زانیارییە تایبەتەکانی نزیکەی 20 ملیۆن هاووڵاتی ئەمریکی.

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: بەڵگەنامەکان گەورەترین هاککردن و دزینی داتاکانی هەڵبژاردن لە مێژوودا دەردەخەن کە لەلایەن چینەوە ئەنجامدراوە.

هاوکات پەنجەی تۆمەتی بۆ دەوڵەتی قووڵ لە ناو ئاژانسە هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی درێژکرد و تۆمەتباری کردن بەوەی کە تێوەگلاون لە شاردنەوە و داپۆشینی ئەم دەستوەردانانە.