وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکور بە توندی سەرکۆنەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات بەهۆی بەهێزکردنی هاوپەیمانێتییە سەربازییەکان، ئاشکراشیدەکات، لوتکەی ئەمدواییەی ناتۆ لە ئەنکەرە سەلماندی کە ئەو هاوپەیمانێتییە تەکەتولێکی ئامادەکراوە بۆ جەنگ و رووبەڕووبوونەوە.

ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکور لە راگەیەنراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی رەسمی وڵاتەکە بڵاویکردووەتەوە، سەرکردەکانی ناتۆی تۆمەتبار کرد بەوەی کە پەیڕەوکردنی مافە سەروەرییە رەواکانی پیۆنگیانگ وەک "هەڕەشە" پیشان دەدەن، ئەوەش لە کاتێکدایە لە لوتکەی رۆژی سێشەممەی ناتۆ لە تورکیا، رێککەوتنی کڕینی چەک و پیشەسازیی سەربازی بە بەهای زیاتر لە 50 ملیار دۆلار راگەیەندرا، ئەمەش لە ژێر فشاری بەردەوامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر هاوپەیمانە ئەوروپییەکان بۆ گرتنەئەستۆی پشکی شایستەی خۆیان لە تێچووی بەرگریی.

لە پەراوێزی ئەو لوتکەیەدا، لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشور هیوای خواستبوو کە سیئۆل هاوکارییەکانی لەگەڵ ئەندامانی ناتۆ لە بوارەکانی توێژینەوە، گەشەپێدان و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی بەرهەمهێنانی چەکدا فراوانتر بکات.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکور جەختی کردەوە؛ لوتکەکەی ناتۆ دەریخست کە ئەم هاوپەیمانێتییە تەنها بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی جیۆپۆلەتیکی بەرتەسک کار دەکات، ئەوەش لەسەر حیسابی ئاشتی و ئاسایشی ئەوروپا و ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن، راشیگەیاند کە پیۆنگیانگ لە رێگەی بەکارهێنانی بەرپرسیارانەی مافە سەروەرییەکانیەوە، پارێزگاری لە سەروەری، ئاسایش و ئاشتیی ناوچەیی دەکات.