سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەو جەنگەی ئیسرائیل هۆکارەکەیەتی لە ئێستادا هەموان باجەکەی دەدەن، جەختیشدەکاتەوە بە دەستەوسانی ناوەستن بەرانبەر ئەو هەوڵانەی بۆ گەمارۆدانی تورکیا دەدرێن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا  دوای کۆبونەوەی کابینەی حکومەتەکەی رایگەیاند، وڵاتەکەی دەستەوسان ناوەستێت بەرانبەر ئەو هەنگاوە دوژمنکارانەی، کە ئامانجیان گەمارۆدانی تورکیایە.

جەختی کردەوە لەوەی رێگە نادەن هیچ لایەنێک رێگرییان لێ بکات لە بەردەوامبوون وەک وڵاتێکی سەربەخۆ و گەشەسەندوو.

سەرۆک کۆماری تورکیا، ئاماژەی بەوەش کرد،  باجی ئەو جەنگەی بە پیلانەکانی ئیسرائیل دەستی پێکردووە تەنها بەرۆکی ئێران و وڵاتانی کەنداو ناگرێتەوە بەڵکو هەموان دەیدەن.

هاوکات ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی بە درۆ و کارە تێکدەرەکانی بووەتە هۆی شکستپێهێنانی "رێککەوتنی ئیسلام ئاباد" کە ناوچەکە زۆر پێویستی پێی بوو.

سەرۆک کۆماری تورکیا  دەشڵێت؛ تا ئەو عەقڵییەتە توندڕەوەی ئیسرائیل بەردەوام بێت قەیرانەکانی ناوچەکە هێور نابنەوە.