کۆمەڵێک یاسادانەری بەریتانی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئیکس" روبەڕووی شەپۆلێکی بەرفراوانی گاڵتەجاڕی و رەخنە بوونەتەوە و بە "شکستخواردوو" وەسف کراون، دوای ئەوەی داوای قەدەغەکردنی کارتۆنی منداڵانی بەناوبانگی روسی "ماشا و ورچەکە"یان کرد بە پاساوی ئەوەی "پڕوپاگەندەی سیاسی" تێدایە.

رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی ئاشکرای کردووە کە پڕۆژەیاسایەک لەلایەن پەرلەمانتاری لیبڕاڵ دیموکرات، تۆم گۆردۆن سەرکردایەتی کراوە و لەلایەن زیاتر لە 50 پەرلەمانتاری ئەنجومەنی گشتییەوە ئیمزاکراوە، داوا لە وەزیرەکان دەکەن پەخشی ئەم درامایە رابگرن.

ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە هات کە کۆمپانیای "نێتفلێکس" گرێبەستی خۆی بۆ نمایشکردنی وەرزە نوێیەکانی کارتۆنەکە نوێکردەوە. پەرلەمانتارەکان پێیان وایە کە ئەم بەرهەمە "ناوەڕۆکی سەربازیی سۆڤیەتی" تێدایە و بۆ منداڵان گونجاو نییە.

ئەم داواکارییە پەرلەمانییە کاردانەوەی تەنزئامێز و ناڕەزایەتی زۆری لە جیهانی دیجیتاڵیدا لێکەوتەوە، بەو پێیەی بەکارهێنەرانی سەکۆی "ئیکس" ئەم هەنگاوەیان بە منداڵانە و دوور لە جدییەتی سیاسی وەسف کرد.

بەکارهێنەرێک نووسیویەتی ئەم دەستپێشخەرییە "شایەنی بەزەییە" و سەرسامی خۆی لەو بێزاربوونە گەورەیە دەربڕیوە بەرامبەر بە زنجیرەیەکی منداڵان.

چالاکوانان ئەوەشیان بە بیر پەرلەمانتارەکان هێناوەتەوە کە ئەم زنجیرەیە ناوبانگێکی بێوێنەی هەیە و لە رێگەی یوتیوبەوە ملیاران بینەری لەلایەن منداڵانی ئۆکرانیا خۆیانەوە هەیە سەرڕای ململانێ و شەڕی بەردەوام.