ئەنجومەنی راژە: 9006 فۆڕمی دامەزراندن بۆ فەرمانگەکانی هەڵەبجە تۆمارکراون
سەوسەن سەید
٢ی تەمووزی ٢٠٢٦
ئەنجومەنی راژەی گشتیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند کە دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی بۆ دامەزراندن بە شێوازی گرێبەست لە فەرمانگەکانی حکومەت لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، کۆی گشتی (9006) فۆڕمی داواکاری تۆمار کراون.
بەپێی راگەیاندراوەکە، ئەم ژمارە زۆرەی پێشکەشکاران کێبڕکێ لەسەر دەستخستنی تەنها (250) پۆست دەکەن کە (32) پسپۆڕیی جیاواز لەخۆدەگرێت.
بۆ بەرچاوڕوونی زیاتری رای گشتی، ئەنجومەنی راژە بەشێک لە داتا سەرەکییەکانی ئەم قۆناغەی لە چوارچێوەی راپۆرتێکی شیکاریدا بڵاوکردووەتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە کە کارکردن لەسەر ئەم پڕۆسەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە بەردەوامە، و ئەنجامی قۆناغەکانی داهاتوو لە رێگەی سایتی رەسمی ئەنجومەنی راژەی گشتییەوە بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە.



