وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا: ئەو پەنابەرانەی مافی مانەوەیان هەیە لە وڵاتەکەماندا دەبێت 10 هەزار پاوەند بدەنە حکومەت
رێبین
٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا پەنابەران ناچار دەكات بڕی 10 هەزار پاوەند بۆ تێچووی نیشتەجێبوون و پشتگیرییە داراییەكانیان بدەن، و سەرپێچیكردنی بریارەكەش كاریگەری لەسەر مافی مانەوەیان دەبێت.
لە چوارچێوەی یاسای نوێی كۆچ و پەنابەریدا وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، بریاردراوە ئەو پەنابەرانەی مافی مانەوەیان پێدەدرێت 10 هەزار پاوەندیان لێوەربگیرێت لەبەرانبەر تێچووی نیشتەجێبوون و ئەو هاوكارییە داراییەی پێش وەرگرتنی مافی پەنابەری پێیاندراوە.
لە بڕیارەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەو پەنابەرانەی مافی مانەوە و پاراستنیان پێدەدرێت هەر كاتێك توانای داراییان باشبێت دەبێت ئەو بڕە پارەیە بدەن.
هاوکات، شەبانە مەحموود وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاندووە، دەكرێت گۆرانكاری لەو بڕە پارەیەدا بكرێت، بەڵام پابەندنەبوون بە بڕیارەكە كاریگەری نەرێنی لەسەر داهاتووی پەنابەران دەبێت، بەتایبەتیش مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لەو وڵاتەدا.


