سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، سبەینێ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئێران لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەدەچێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس نووسیویەتی، "ئێران داوای کۆبوونەوەیەکی کردووە، کۆبوونەوەکەش سبەینێ سێشەممە لە دەوحە بەڕێوەدەچێت." جەختی لەوەشکردووەتەوە کە ئێران "هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

هاوکات ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانییەوە بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکەی سبەینێ دەوحە جیاواز دەبێت لە کۆبوونەوە تەکنیکییەکانی پێشوو کە لە سویسرا بەڕێوەچوون، چونکە ئەمجارە سەرنجی سەرەکی لەسەر پرسی بەڕێوەبردنی گەروی هورمز و هێورکردنەوەی گرژییەکان دەبێت.

رۆیتەر ئاشکرایشیکردووە، وەفدە تەکنیکییەکانی ئەمریکا و ئێران، کە بەرپرسن لە جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان، لە چەند رۆژی داهاتوودا لە دەوحە کۆدەبنەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە هێرشە پێچەوانەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوولا، هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنە لەرزۆکەکەی نێوانیانی دەکرد.

بەپێی زانیارییەکان، ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ترەمپ و جارید کوشنەر راوێژکاری ترەمپ، بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.

ئاژانسەکە روونیکردوەتەوە، وڵاتە نێوەندگیرەکان لە ئێستادا خەریکی دروستکردنی کەناڵی پەیوەندین بۆ رێگریکردن لە هەر گرژییەک و بڕیاریشە گفتوگۆ تەکنیکییەکان بەردەوام بن.