ئاژانسی نیشتمانیی تەندروستی گشتی لە فەڕەنسا رایگەیاند کە لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان لە وڵاتەکەدا بە رێژەی نزیکەی هەزار حاڵەت لە ئاستی ئاسایی زیاتر بووە، وە هۆشداری دا کە رەنگە ئاماری کۆتایی زۆر لەمەش زیاتر بێت.

لە بەیاننامەیەکی ئاژانسی تەندروستی گشتی فەڕەنسادا هاتووە: لە 24ی حوزەیرانەوە، نزیکەی هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدانی زیادە تۆمارکراوە بەراورد بەو حاڵەتانەی لە مانگەکانی رابردوودا سەرژمێری کرابوون جەختیش کراوەتەوە کە ئەم ئامارانە سەرەتایین و کۆتایی نین.

ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە ئەو ناوچانەی کە هۆشداریی پلە سوریان تێدا راگەیەندرا بوو، زیاتر کاریگەریی ئەم شەپۆلەیان بەسەرەوە بووە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵییەوەیە کە 85٪ی کۆی گشتی حاڵەتەکان پێکدەهێنن.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆرترین رێژەی گیانلەدەستدان لە ناو ماڵەکاندا تۆمارکراوە، بە جۆرێک بە رێژەی 40٪ بەرزبووەتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەی "ئیل دو فرانس" کە پاریسی پایتەخت و دەوروبەری لەخۆدەگرێت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە: ئەم بەرزبوونەوەیە بیرخستنەوەیەکی گرنگە بۆ پێویستیی بەپەلە بە گرتنەبەری رێکاری هاوپشتی بەرانبەر بەو کەسانەی کە دابڕاون یان بەدەست تەنیاییەکی سەختەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە ئاستی شارنشینییان بەرزە.

شایەنی باسە، ئەو شەپۆلە گەرما توندەی کە بۆ چەند رۆژێک فەڕەنسای خنکاندبوو و پلەکانی گەرما تێیدا لە زۆرێک لە ناوچەکان گەیشتبووە سەرووی 40 پلەی سەدی، لە رۆژی یەکشەممەوە دەستی بە کشانەوە و شکان کردووە.