لەبەر چەند هۆکارێک؛ ترەمپ لە یارییەکانی مۆندیال بەشدار نییە و چاوەڕوانی یاری کۆتایی دەکات
دیلان
٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
سەرەڕای پێشبینییە زۆرەکان بۆ بەشداریکردنی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە یارییەکانی مۆندیالی 2026 کە وڵاتەکەی میوانداری دەکات، بەڵام تا ئێستا لە هیچ یارییەکدا دەرنەکەوتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە هەڵبژاردەی ئەمریکا دوو یاری لە قۆناغی کۆمەڵەکان بردووەتەوە.
شارەزایانی سیاسی و کەسانی نزیک لە کۆشکی سپی چەند هۆکارێک بۆ ئەم بابەتە دەستنیشان دەکەن و ئاماژە بەوەدەکەن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تەنیا حەزی لە "روداوە گەورەکانە"، راشیانگەیاند، پێدەچێت ترەمپ چاوەڕێی یاری کۆتایی مۆندیال بکات کە زۆرترین بینەری هەیە.
دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە نیویۆرک لەلایەن هاندەرانی خولی باسکەی (NBA) 'فیکەی ناڕەزایەتی' دژی لێدرا، تیمی سەرۆکایەتی ترەمپ دەترسن لەوەی لە یارییەکانی مۆندیالدا کە جەماوەرێکی نێودەوڵەتی و هەمەجۆری هەیە، رووبەڕووی هەمان رەوش ببێتەوە.
جێی ئاماژەیە جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا پێشتر رایگەیاندبوو، بڕیارە سەرۆکی ئەمریکا لە یاری کۆتایی ئامادە بێت و جامی جیهانی پێشکەش بکات.
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ لە یاریگەکاندا ئامادە نەبووە، بەڵام بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاماژەیان بەوەکردووە، "ئەو لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە یاریزانانی ئەمریکاوە کردووە و پاڵپشتی خۆی بۆ دەربڕیون، فیفاش پێی باشە کە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەمریکا تەنیا لە یاری کۆتاییدا بێت بۆ ئەوەی سەرنجەکان لەسەر خودی وەرزشەکە لادەنەدەن".


