ئەمریكا خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلێكی گەرمای توند ئامادە دەكات و پێشبینی دەكرێت پلەكانی گەرما لە ناوچە جیاجیاكانی ئەو وڵاتە ئاستی پێوانەیی تۆمار بكەن.

پسپۆڕانی كەشناسی لە ئەمریكا هۆشداری دەدەن لە هەفتەی داهاتووەوە، شەپۆلێكی بەهێزی گەرما ناوچەكانی رۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئەمریكا دەگرێتەوە، پێشبینیش دەكەن پلەكانی گەرما لە نێوان 32 و 38 پلەدا بن، بەڵام بەهۆی بەرزیی رێژەی شێ، گەرماكە دەگاتە نێوان 40 بۆ 44 پلە، كە ئەوەش مەترسییەكی زۆر لەسەر تەندروستیی گشتی دروست دەكات.

بەپێی هۆشدارییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی نیشتمانیی زەریاكان و بەرگەهەوای ئەمریكاش، ئەو شەپۆلە شارە سەرەكییەكانی وەك شیكاگۆ، ئەتڵانتا، مینیاپۆڵس و ناشڤیڵ دەگرێتەوە. راشیگەیاند، بەرزمانەوەی پلەكانی گەرما تەنانەت لە شەویشدا، رێگە نادات زەوی فێنك ببێتەوە و بارگرانیی زۆر لەسەر تۆڕەكانی كارەباش دروست دەكات.

راپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن، رەنگە ئەو گەرما توندە تا رۆژی چواری تەمموز، كە هاوكاتە لەگەڵ جەژنی سەربەخۆیی ئەمریكا، بەردەوام بێت، ئەو شەپۆلە لە كاتێكدایە وڵاتانی ئەوروپاش روبەڕوی گەرمایەكی بێوێنە بوونەتەوە و  كاریگەری كردووەتە سەر تەندروستی دانیشتوانیان.