دواى رۆژێک لە دواخستنی گفتوگۆ چاوەڕوانکراوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە هاوینەهەواری "بۆرگنبستۆک"ی سویسرا، ئاژانسەکانی هەواڵ ئاشکرایانکردووە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، خۆی بۆ گەشتێک بەرەو سویسرا ئامادە دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی راگەیاندووە، عراقچی پلان دادەنێت کە ئەمڕۆ شەممە سەردانی سویسرا بکات، بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەگەری گۆڕانکاری لەم پلانەدا هەیە.

هاوکات لەگەڵ عراقچیدا، چاوەڕوان دەکرێت کە لێپرسراوانی باڵای ئەمریکاش وەک 'ویتکۆف' و 'کوشنەر' لەوێ بن و چاوەڕوانی دەستپێکردنی گفتوگۆکان بکەن.

لەلایەکی ترەوە، سەرچاوەیەک لە یەکێک لە وڵاتە نێوەندگیرەکان پشتڕاستی کردەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران دوێنێ هەینی بە ژمارەیەک لە هاوتاکانی راگەیاندووە، پرسی راگرتنی شەڕ لە لوبنان بۆ تاران بابەتێکی بنەڕەتی و گرنگە، وەک فاکتەرێکی یەکلاکەرەوەش سەیر دەکرێت بۆ سەرکەوتن یان شکستهێنانی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەکی تری نێوەندگیر ئاماژەی بەوەکردووە، ئێرانییەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەیانەوێت پێش چوونیان بۆ سویسرا و دەستپێکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، ئاگربەست بە کردەیی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.