بۆ پرسی بودجە و شایستە داراییەکان وەفدێکی هەرێم دەچێتە بەغداد
بڵند
٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
وەفدێکی هەرێمی کورسدتان بەمەبەستی بەدواداچون بۆ شایستەداراییەکان و پرسی بودجە لە ساڵی 2027 سەردانی بەغداد دەکات.
سەرچاوەیەک لەوەزارەتی دارایی هەرێم، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ وەفدێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغداد دەکات و لەگەڵ وەزیری دارایی عیراق کۆدەبێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، وەفدەکە لە سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان پێکدێن.
بە گوێرەی زانیارییەکان، وەفدەکە بەهەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرە کوردستانییەکان لە دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان، لەگەڵ وەزیری دارایی عیراق کۆدەبنەوە و پرسەکانی گەیشتن بە تێگەیشتنێکی هاوبەش و دادپەروەرانە لەسەر پابەندییە دارایی و نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەن.
هەروەها ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێم لە بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 بەشێکی تری گفتوگۆکانی نێوان وەفدەکەی هەرێم و وەزیری دارایی عیراق دەبن.


